ئەو جووتیارانەی سەوزە بە ئاوی پیس ئاودێر دەکەن ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە

دوای ئاگادارکردنەوەی جووتیاران بەوەی سەوزە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەئاوی پیس ئاو نەدەن، ئێستا بەشێک لە جووتیاران سەرپێچی دەکەن و سەوزەکان بە ئاوی پیسی ماڵان و نەخۆشخانە ئاو دەدەن، بۆیە لەسەر ڕاسپاردەی پارێزگاری هەولێر بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر هەڵمەتێکی مەیدانیان دەستپێکردووە و هەر جووتیارێک سەوزە بە ئاوی پیس ئاو بدات ڕێکاری یاسای بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
هێشتا لە هەندێک شوێنی هەولێر سەوزە بە ئاوی زێراب ئاو دەدرێ، بەشێک لە جووتیاران سەرپێچی دەکەن، سەوزە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە ئاوی پیس بەرهەم دەهێنن، چەندین ترۆمپا لەسەر ئاوەڕۆکان دانراون و ئاوە پیسەکە دەگوازنەوە بۆ نێو زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر لە هەڵمەتێکی مەیدانی دا ڕاستەخۆ دەچنە ئەو شوێنانە و هەڵمەتی لادان و تێکدانی ئەو ترۆمپایانە ئەنجام دەدەن کە بە ئاوی پیس ئاودێری سەوزە دەکەن.
هێمن سەید موراد، بەرێوبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەو زەویەی ئێستا ئێمەی لێین، زەوی کشتوکاڵی نییە، بەڵکو زەوی شارەوانیی هەولێرە، جگە لەوانەی قەرەبوویان وەرگرتووەتەوە، خەڵکانێکی دیکە هاتوون ئەو زێدەڕۆییانە دەکەن، کە دەبێتە زیان بۆ هاووڵاتیانمان، هەروەها بەرهەمهێنانی سەوزە بەوشێوەیە دوورە لە هەموو ڕێنماییەک و دەبێتە گرفتی تەندروستی."
سەرجەم ئەو زەوییانە قەرەبوویان وەرگرتووە، جووتیارانیش ئاگادار کراونەتەوە ئاوی پیس بەکارنەهێنن، بەتایبەتی لەو بابەتانەی پەیوەندی بە تەندروستی مرۆڤەوە هەیە.
نەجات سەعید، ئەندامی لێژنەی تەندروستی گوتی: "ئەو سەوزە خاوێن نییە و پیسە، هەزاران نەخۆشیت تووش دەکات، لەبەر ئەوەی ئاوی پیسی هەولێر هەمووی دێتەوە ئێرە، ئەوانیش بەو ئاوە ئاوی دەدەن."
ئەو ئاوەی سەوزەكەی پێ ئاو دەدرێ، چەندین جۆر ماددەی پیسی تێدایە كە دەچنە نێو سەوزەكە و پاشان لە ڕێگەی خواردنەوە دەچێتە نێو لەشی مرۆڤ.
جووتیارێک دەڵێت: "ئاودان بەو جۆرە ئاوە تەنیا بۆ دەرە و گەنم ئاساییە، بەڵام بۆ سەزە نابێت، چوار پێنج ساڵە ئەو زەویەم بەکار دەهێنم، ئەگەر ئەمن زەویەکە بەکار نەهێنم یەکێکی دیکە دێتە جێگام."
لە سنووری هەولێر 52 گوند وشوێن ئاگادارکراونەتەوە ئاوی پیس بۆ سەوزە وکشتوکاڵ بەکارنەهێنن، بۆئەوەی تەندروستی کۆمەڵگە بپارێزن.