تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە هەرێمی کوردستان دەستیان پێ کرد

کاتژمێر 8:30 بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتی تاوەکو 12ـی ئامادەیی، لە قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستیان پێ کرد.
لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان 537 هەزار و 46 قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن کە قوتابییانی بنەرەتی و ئامادەیی و پیشەیی و خوێندنی خێران."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر گوتیشی: "تاقیکردنەوەکان لەسەر 60 نمرە دەکرێن و تاوەکوو 18ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبن".
سەبارەت بە قوتابییانی پۆلی یەکەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتی، لوقمان سەعید ڕایگەیاند: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەڵسەنگاندییان بۆ کراوە و بەشداریی تاقیکردنەوەکان ناکەن."
بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان هەفتەیەک پشوو دەدرێتە قوتابییان؛ 26ـی مانگیش، وەرزی دووەمی خوێندن دەست پێ دەکات.