بودجەیەکی زەبەلاح بۆ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق خەرج دەکرێت، دەرچووانی زانکۆش کرێکارن

لەکاتێکدا ساڵانە نزیکەی شەش ترلیۆن دینار بۆ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق خەرج دەکرێت، دەیان گەنجی بێکاری دەرچووی زانکۆ سەرقاڵی کرێکارین یاخود چاویان لە دامەزراندنە.

عێراق، ئەو وڵاتەی لەسەر دەریایەک نەوتە، کەچی ئابوورییەکەی لەسەر ئاستی ناوخۆ بەردەوام ڕووی لە پاشکەشەیە.

مستەفا حەسەن، گەنجێکی دەرچووی زانکۆیە، بەڵام بێکارە؛ بڕیاری داوە کارێکی بچووک لەناو بازاڕ بۆخۆی دابمەزرێنێت، چونکە دەرگای کەرتی تایبەت و حکوومەتی بە ڕوویدا داخراون. حاڵەتەکەی مستەفا تایبەت و دەگمەن نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئازارەکانی توێژی گەنجانی بێکار و خراپیی دۆخی ئابووری، پرسیاری ئەوەی دروست کردووە، وڵات چۆن ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی دەکات؟

مستەفا باسی لەوەش کرد "زۆرینەی دەرچووانی زانکۆ بێکارن، کرێکاری دەکەن یاخود بازرگانیەکی بچووکیان بۆخۆیان دامەزراندووە. ئەگەر سەیری ئەم شەقامە بکەی زۆرینەی گەنجی بێکاری دەرچووی زانکۆن، چاوەڕوانی دامەزراندن و بەزەیی خوداین."

دەرچوویەکی دیکەی ئەو شارە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بودجەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق قبووڵکراو نین. پارەیەکی خەیاڵییان بۆ خەرج دەکرێت، ئەندامانی پەرلەمانیش بە هەمان شێوە. هەروەها پلە تایبەتەکانیش پارەکانیان خەیاڵییە."

بودجەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نزیکەی پێنج ترلیۆن دینارە، ئەوەی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆماریش نزیکەی نیو ترلیۆن دینارە. چاودێران دەڵێن: "ئەم ژمارانە جێگەی سەرسامین و دەیان نیشانەی سەرسوڕمان و پرسیاریان لەسەرە."

محەممەد ڕوبەیعی، چاودێریی سیاسیی بە کوردستان24ـی گوت: "پێموایە هەڵەیەکی ڕوون هەیە لە دابەشکردنی بودجە و پارەی سێ سەرۆکایەتییەکەدا. خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بۆ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بووەتە هۆی هەڵاوسان و کاریگەری نەرێنی لەسەر هاووڵاتییان دروست کردووە."

دیمەنەکە لە عێراق پێچەوانەیە، پەرلەمان دەنگی لەسەر گەورەترین بودجە لە مێژووی عێراق داوە، کە بڕەکەی 153 ملیار دۆلارە، لە هەمان کاتدا گەورەترین کورتهێنانیش هەیە کە بڕەکەی 48 ملیار دۆلاری ساڵانەیە.

ئەم ژمارانە دەری دەخەن، جیاوازییەکی گەورە لە دابەشکردنی سامانی دەوڵەتدا هەیە، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری بانکە عێراقییەکان کێشەی نەبوونی نەختینەیان هەیە، بەڵام بودجەیەکی زەبەلاح بۆ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێرق دەڕوات.