پزیشکیان و سوودانی لە تاران کۆبوونەوە
سەرۆک کۆماری ئێران پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و دۆخی سووریا و ناوچەکە و ژمارەیەک پرسی دیکەیان تاوتوێ کرد .
ئاژانسی ئیرنا بڵاوی کردووەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "مێهر ئاباد" گەیشتە تاران و لەلایەن عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووریی حکوومەتی ئێرانـەوە پێشوازی لێ کرا.
دواتر هەر لە تاران لە کۆشکی سەعد ئاباد، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و نزیکەی دوو کاتژمێر کۆبوونەوکەیان بەردەوام بوو.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ئیرنا، لە کۆبوونەوەی پزیشکیان و سوودانیدا، چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و دۆخی ناوچەکە بە تایبەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی؛ تاوتوێ کراوە.
هەروەها بەشێک لە میدیاکانی عێراق و لوبنان بڵاویان کردووەتەوە، سوودانی پەیامێکی ئەمەریکا لەبارەی سنووردارکردنی دەستوەردانەکانی ئێران لە دۆخی ناوخۆی سووریا؛ ڕادەستی بەرپرسانی تاران دەکات.