پزیشکیان: ئێران و عێراق نیگەرانیی هاوبەشیان لەبارەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی تیرۆر هەیە
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ عێراق "نیگەرانیی هاوبەش"ـیان لەبارەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی تیرۆر هەیە. باسی لەوەش کرد، تاران و بەغدا لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا هەمان ڕوانگەیان هەیە.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لە کۆشکی سەعد ئاباد، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەش هەردووکیان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییان ساز کرد.
سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوە کرد، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق "باش" بووە و باسیان لە چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پێشهاتەکانی سووریا، دۆخی ناوچەکە و چەندان پرسی دیکەیان کردووە.
لەبارەی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و دۆخی ئێستەی سووریا، پزیشکیان گوتی: "لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا، ئێمە و عێراق ڕوانگەی هاوبەشمان هەیە. بە پێویستیشی دەزانین سەروەریی خاکی سووریا بپارێزرێت و قەوارەی زایۆنیش (ئیسرائیل) هێزەکانی خۆی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە."
وەکوو ئەوەی سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی پێ دا، تاران و بەغدا "نیگەرانییەکی هاوبەشیان لەبارەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی تیرۆر هەیە و ئەم چەندەش پێویستی بە حیکمەت و هاوکاری زیاتری نێوان دوو وڵات هەیە."
پزیکشیان دووپاتی کردەوە، ئێران دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ عێراق بدات و وەکوو خۆی گوتی: "عێراق بە قۆناغێکی باشی سەقامگیری و گەشەسەندندا تێ دەپەڕێت و هیوادارین بەردەوام بێت."