کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی دەستی پێ کرد

کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشیی تەکنیکیی پارتی و یەکێتیی، لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد.
نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند "کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی چوارشەممە، 08-01-2025، کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشیی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا، لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد."
پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەکە تەواوکەری کۆبوونەوەکەی دوێنێ سێشەممە، 07-01-2025ـی نێوان هەردوولایە کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە هەولێر بەڕێوە چوو.
شاندی پارتی لە پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح پێک دێت. شاندی یەکێتیش پێک هاتووە لە ڕێواز فایەق، ئامانج ڕەحیم و شاڵاو شێخ سەڵاح. چاوەڕێ دەکرێت لەم کۆبوونەوەیەدا بەرنامەی هاوبەشی هەردوو حزب بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بکرێت.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی 20-10-2024 کرا، پارتی 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەست هێنا.