کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی بەردەوامە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر دەستی پێ کرد و بەردەوامە. 

 سێیەم کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر، بۆ گفتوگۆ کردن و نووسینەوەی خاڵە ستراتیجییەکانی کارنامەی چوار ساڵی داهاتووی کابینەی 10یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.

بەپێی زانیارییەکانی نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24 "ئەمڕۆ بە ڕێژەی سەدا 90 ڕەشنووسەکە ئامادە دەکرێت و هەفتەی داهاتوو دەخرێتە بەردەم شاندی باڵای سیاسیی هەردوولا."

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەسەر قۆناغی چوار ساڵەی داهاتووی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان کراوە، بەتایبەت پرسی دەسەڵاتی وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە حکوومەت و کۆکردنەوە و دابەشکردنی داهات بەسەر پارێزگاکان و هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی لە کاتی بوونی کێشە و قەیرانەکانی بەردەم حکوومەتدا.

بڕیار وابوو ئەم پێنجشەممەیە کۆبوونەوەی شاندی باڵای سیاسیی هەردوولا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامادەکردنی ڕەشنووسەکە تەواو نەبووە، بۆیە ئەمڕۆش درێژکراوەی کۆبوونەوەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوودی شاندی تەکنیکیی هەردوولایە.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، 08ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشیی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا، لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، هەردوو شاندی تەکنیکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە.