کۆرپەیەک لە بەلەمێکی کۆچبەراندا لەدایک بوو

ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی لە ژمارەی دوێنێ 8 ی کانوونی دووەمی 2025، نووسیویەتی، لە بەلەمێکی کۆچبەراندا لە نزیک دوورگەی لانزارۆتی لە ئۆقیانووسی ئەتڵەنتی کۆرپەیەک لەدایک بووە.
بەلەمەکە 60 کەسی هەڵگرتبوو کە 14 ژن و چوار منداڵیشیان لەگەڵدا بووە.
دۆمینگۆ ترۆخیۆ، کاپتنی کەشتیی فریاگوزاری کە بەهانای بەلەمەکەوە چووبوو، ڕایگەیاند "کاتێک گەیشتینە بەلەمەکە، کۆرپەکە لەدایک بووبوو و دایکەکەی لە باوەشی گرتبوو. بە خۆشییەوە دایک و کۆرپەکە تەندروستن."
کاپتنەکە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دایکەکە، لە ناو قەرەباڵغیی سەرنشینانی بەلەمەکدا ڕاکشابوو و خۆشحاڵ بوو لەوەی کۆرپەکەی سەلامەتە"
دوورگەی لانزارۆتی دەکەوێتە بەرانبەر کەناراوەکانی مەغریب و سەر بە ئسپانیایە. ساڵانە، ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئەفەریقا بۆ گەیشتن بە ئەورووپا، ئەو دوورگەیە وەک وێستگەیەک بەکار دەهێنن. ساڵی 2024 زیاتر لە 47 هەزار کەس بە ڕێگەی قاچاخ گەیشتوونەتە ئەو دوورگەیە.