کرملین: ڕووسیا بەرژەوەندیی گەورەی له جه‌مسه‌ری باكوور و دوورگەی گرین‌لاند هەیە
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا له باره‌ی لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به دوورگه‌ی گرین‌لاند هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی ڕاگه‌یاند و ده‌ڵێت، به وردی چاودێریی ئه‌و لێدوانانه ده‌كه‌ن.
پێنجشه‌ممه، 9ـی كانوونی دووه‌می 2025، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرملین) له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، به وردی چاودێریی لێدوانه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن كه پێشنیازی كردووه، دوورگه‌ی گرین‌لاند بخاته سه‌ر ئه‌مه‌ریكا.
دیمیتری پێسکۆڤ جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، ڕووسیا به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌وره‌ی له دوورگه‌كه هه‌یه، بۆیه لێدوانه‌كانی تره‌مپ بێجگه له‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر دوورگه‌ی ناوبراو، بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كانی ڕووسیاشه.
کرملین: خۆشبه‌ختانه تا ئێسته هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ له‌م باره‌وه، ته‌نیا لێدوانن
گوتەبێژی کۆشکی کرملین گوتیشی: ''جەمسەری باکوور یەکێکە لە گەورەترین کەنارەکانی ئاوی کە ئێمە لە نزیکەوە چاودێری سەقامگیری و ئاسایشی جەمسەرەکە دەکەین".
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا گوتیشی، خۆشبه‌ختانه تا ئێسته هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ له‌م باره‌وه، ته‌نیا لێدوانن و نه‌چووه‌ته واری جێبه‌جێكردنه‌وه.
ناوبراو ڕوونیشی كرده‌وه، ڕووسیا به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی له دوورگه‌كه هه‌یه، ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام له‌وێ بمێنێته‌وه و ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتان ئاسایشیی دوورگه‌كه بپارێزێت.
لەلایەکی دیکەوە دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە پلاتفۆرمی تێلێگرام بیرۆکەی پەیوەستبوونی گرین‌لاند و کەنەدا بە ئەمەریکاوە، بە خەون لە قەڵەم دا.
دۆناڵد ترەمپ، بەر لە دەستبەکاربوونی وەکوو سەرۆکی ئەمەریکا، لە چەند لێدوانێکدا ئارەزووی بۆ کۆنترۆڵکردنی کەنەدا، گرین‌لاند و کەناڵی پەنەما و کەنداوی مەکسیک ئاشکرا کردووە.
له به‌رانبه‌ر ئه‌و لێدوانانه‌ی تره‌مپدا، به‌شێك له وڵاتان هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌ربڕی و دژی هه‌ر جۆره بیرۆكه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ن كه تره‌مپ بانگه‌شه‌ی ده‌كات.
دانیمارك: گرین‌لاند بۆ فرۆشتن نییه و موڵكی دانیشتووانه ڕه‌سه‌نه‌كه‌یه‌تی
سێشه‌ممه، 7ـی كانوونی دووه‌می 2025، میتی فریدریكسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی دانیمارك وه‌ڵامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكای دایه‌وه كه چه‌ند جارێك داوای كڕینی دوورگه‌ی گرینلاندی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بیخاته پاڵ ئه‌مه‌ریكا و ببێته ناوچه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی.
میتی فریدریكسن له وه‌ڵامی تره‌مپدا جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، "گرین‌لاند بۆ فرۆشتن نییه و موڵكی دانیشتووانه ڕه‌سه‌نه‌كه‌یه‌تی."
چوارشه‌ممه، 8ـی كانوونی دووه‌می 2025، دۆناڵد ترەمپ، لە تۆری کۆمەڵایەتی "زە تروس" نەخشەی ئەمەریکای بڵاو کرده‌وە کە کەنەداشی به بەشێک لە وڵاتەکەی پیشان داوە و لەسەری نووسیەوە "ئاخ کەنەدا"، هاوکات ترەمپ ئەوەی نەشاردووتەوە کە دەیەوێت کەنەدا بکاتە ویڵایەتی 51ـمینی ئەمەریکا.
هەروەها لەبارەی گرین‌لاند و کەناڵی پەنەما، دۆناڵد ترەمپ، سێشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتبووی: "ئەگەر پێویست بکات، بەکارهێنانی هێز بۆ کۆنترۆڵکردنی گرین‌لاند و کەناڵی پەنەما ڕەت ناکەمەوە."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردبوو: "بۆ مەبەستی بەهێز کردنی ئاسایشی نەتەوەیی پێویستمان بە گرینلاندە.''
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بەڵێنیشی دابوو هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی ناوی کەنداوی مەکسیک بگۆریت بۆ کەنداوی ئەمەریکا.
ئەڵمانیا: پاراستنی سەقامگیری سنوورەکان یەکێکە لە بنەمایە گرنگەکان
پێنجشه‌ممه، 9ـی كانوونی دووه‌می 2025، ئۆلاف شۆڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، "پاراستنی سەقامگیری سنوورەکان یەکێکە لە بنەمایە گرنگەکان لە یاسا نیودەوڵەتییەکان."
فه‌ره‌نسا: ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین ئەو کارە بکات
چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، جان نوێل بارۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، ڕایگەیاند: "بە هەموو شێوەیەک هەڕەشە و هێرشکردنە سەر سەروەریی یەکێتییی ئەورووپا ڕەت دەکەینەوە و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین ئەو کارە بکات، گرنگ نییە هەر کەسێک بێت."
کەنەدا: لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی کەنەداوە، ناهۆشیاری و ناتێگەشتووی ئەو پیشان دەدەن
له لای خۆیه‌وه، میتی فریدریكسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی دانیمارك لە لێدوانێکدا ڕۆژی سێشه‌ممه، 7ـی كانوونی دووه‌می 2025، هەڵوێستی خۆی بەرانبەر لێدوانەکانی ترەمپ ئاشکرا کرد و گوتی: ''بەهیچ شێوەیەک دوورگەی گرین‌لاند بۆ فرۆشتن نییە، ئەو دوورگەیە موڵکی 57 هەزار دانیشتووانی ڕه‌سه‌نی ئەوێیە''.
سێشه‌ممه، 7ـی كانوونی دووه‌می 2025، میلانیا جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا بە توندی وەڵامی دۆناڵد ترەمپی دایه‌وه و گوتی: ''لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی کەنەداوە، ناهۆشیاری و ناتێگەشتووی ئەو پیشان دەدەن بەرانبەر وڵاتی کەنەدا."
پەنەما: کەناڵەکە میراتی وڵاتەکەمانە
خۆسێ ڕائول مولینۆ, سەرۆکی پەنەما جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتی پەنەما مافی تەواوی هەیە لە بەرێوەبردنی کەناڵەکە گوتیشی: ''کەناڵەکە میارتی وڵاتەکەمانە و بەشێکی گرینگە لە سامانی دەوڵەت."
لەلای خۆشییەوە، ڕیکۆرت ڤاسکێز مۆرالێس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کەناڵی پەنەما ڕایگەیاند، کەناڵەکە لە ژێر بێلایەنی کار دەکات و هۆشداریشی دا پێشێلکارییەکانی ترەمپ بۆ پەیماننامەکان دەبێتە هۆی ئاژاوە لە ناوچەکە."
مەکسیک: ئێمەش ناوی ئەمریکای باکوور دەگۆڕین
کلۆدیا شەینبام، سەرۆکی مەکسیک، بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامی پێشنیازەکەی ترەمپی دایەوە و گوتی، "ئەگەر تره‌مپ ناوی کەنداوی مەکسیک بگۆڕێت، ئێمەش ناوی ئەمریکای باکوور دەگۆڕین بۆ ئەمریکای مەکسیکی."
تره‌مپ پێشتر له ساڵی 2017 و 2021 كاتێك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بوو، چه‌ند جارێك باسی له‌وه كردبوو كه گرنگی به كڕینی دوورگه‌كه ده‌دات، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی دوورگه‌كه و دانیمارك به ئاشكرا ڕه‌تیان كردبووه‌وه.
دوورگه‌ی گرین‌لاند كه ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی 57 هه‌زار كه‌سه، به‌شێكه له دانیمارك، به‌ڵام له ڕووی سیسته‌می سیاسییه‌وه خاوه‌نی ئۆتۆنۆمی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه.
ئه‌م دوورگه‌یه به چه‌ندین كانزا و نه‌وت و گازی سروشتی ده‌وڵه‌مه‌نده، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا گه‌شه‌كردنی خاوه و له ڕووی ئابوورییه‌وه زیاتر پشت به ڕاو و گه‌شتیاریی ده‌به‌ستێت.