ئێران لەسەر سنووری عێراق بەنداو دروست دەکات

ئێران دەستی كردووە بە درووستكردنی بەنداوێك لەسەر سنووری عێراق، کە لەسەدا 70ـی ئاوی باران و لافاو گلدەداتەوە.

ئەكرەم خەززاعی، قایمقامی پێشووی مەندەلی ڕايگەیاندووە، ئێران دەستی كردووە بە درووستكردنی گەورەترین بەنداو لە نزیك سنوورەكانی لەگەڵ عێراق، كە كاریگەری گەورە بۆسەر ئاستی ئاو لەو وڵاتە دروست دەكات.

خەززاعی گوتیشی: "ناوی بەنداوەكە (شەریف شا)یە و دەكەوێتە سەر لێژاییەكانی دۆڵی حەران، كە ساڵانە ڕێژەیەكی زۆری ئاوی باران و لافاوی تێدا كۆدەبێتەوە و پاشان دەڕژێنە نێو خاكی عێراقەوە."

ڕوونیشی كردەوە، درووستكردنی بەنداوەكە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەسەدا 70ـی ئاوی لافاو و باران گلدەداتەوە و 30 كیلۆمەتر لە سنووری عێراقەوە دوورە و لە داهاتوودا كاریگەری گەورە بۆسەر ئاستی ئاو لە عێراق دروست دەكات.

ئەو بەرپرسە عێراقییە دەشڵێت: "لەسەدا 95ـی ئاوی باران و لافاو لە عێراق بەهۆی نەبوونی بەنداوی پێویست گل نادرێتەوە و سوودی لێ نابیندرێت."

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، عێراقییەكان بە ڕێژەی لەسەدا 80 پشتییان بە ئاوی ژێر زەوی بەستووە، بۆیە پێویست دەكات بەنداوی دیكە بۆ گلدانەوەی ئاو دروست بكرێـت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment