قوتابییەک بەهۆی پەلاماری ڕەوە سەگێک لە کەرکووک گیانی سپارد
قوتابییەک لە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە نێو کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە کەرکووک، سەگ پەلاماری دا و بەهۆیەوە لە نەخۆشخانە گیانی سپارد.
پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 11ی کانوونی دووەمی 2025، منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ بەناوی ئەلەند ئەیمەن لە کاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانە بۆ ماڵەوە لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی جوان سیتی، ژمارەیەک سەگی بێلانە پەلاماریانداوە بە سەختی برینداریان کردووە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی سپارد.
باپیری قوتابییەکە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە بەرپرس دەزانێت و بە کوردستان24 گوتی: ''پێویستە بەڕێوەبەری قوتابخانە ئاگاداری هەموو قوتابییەکان بێت، کاتێک قوتابییەکان لە خوێندنگەن هەر شتێک بەسەر ئەواندا بێت، ئەوە بەڕێوەبەرەکە لێی بەرپرسە"
هەر لە بارەی ڕووداوەکە، شایەتحاڵێکیش بە کوردستان24 گوت: ''نزیکەی شەش سەگ پەلاماری قوتابییەکەیان دا بوو، بە سەختی برینداریان کردبوو، کاتێک گەشتمە سەر ڕووداوەکە، منداڵەکە هێشتا لە ژیاندا مابوو، بەڵام هەر کە گەیاندمانە نەخۆشخانە گیانی سپارد."