لە فڕۆکەخانەی کەرکووک سەنتەری پشکنینی زێڕ دەکرێتەوە

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، لەمەودوا لە فڕۆکەخانەی کەرکووک پشکنینی بۆ زێڕ دەکرێت؛ گوتیشی: ڕۆژانە نزیکەی 75 کیلۆ زێڕ هاوردەی عێراق دەکرێت.

عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق شەممە 11ی کانوونی دووەمی 2025، ڕایگەیاند، بەم نزیکانە سەنتەرێکی تایبەت بە پشکنینی جۆر و کوالێتی زێڕ لە نێو فڕۆکەخانەی کەرکووک دەکرێتەوە، کە لە ژێڕ سەرپەرشتی وەزارەتی پلاندانان دەبێت.

گوتیشی: پێشتر سەنتەری هاوشێوە لە هەر یەک لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، نەجەف و بەسرە دەستیان بە کار کردووە و بەم نزیکانەش لە فڕۆکەخانەی کەرکووک دەست بەکار دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتیشی: "ڕێژەی هاوردە کردنی ئاڵوتن بۆ عێراق لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە زیادی کردووە، بەشێوەیەکی گشتی ڕۆژانە نزیکەی 75 کیلۆ زێڕ هاوەردە دەکرێت.

هنداوی ئاماژەی بەوەدا، ڕێکارە نوێیەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، کار ئاسانییەکی باش دەبێت بۆ بازرگانانی زێڕ و زێڕنگرەکان، چونکە تێچووی گواستنەوەش کەم دەکاتەوە.