لە کەرکووک فەرمانبەرانی کۆمپانیای دەرهێنانی نەوت گرد بوونەوە

فەرمانبەرانی کۆمپانیای دەرهێنانی نەوتی عێراق لە کەرکووک گرد بوونەوە و داوا دەکەن وەکو کۆمپانیاکانی دیکە مافەکانیان پێ بدرێت.

یەکێک لە فەرمانبەرانی ناڕازی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە وەکوو فەرمانبەرانی کۆمپانیای دەرهێنانی نەوت داوا دەکەین وەکوو کۆمپانیاکانی دیکەی دەرهێنانی نەوت، کە ئەوان پارەی پترۆ دۆلاریان پێ دەدرێت، ئێمەش پێمان بدرێت."

گوتیشی: "مەترسیەکی زۆر لەسەر ژیانی ئێمە هەیە، هەروەها زۆرێک لە فەرمانبەرەکانمان بە غاز ژەهراوی دەبن و دەمرن. ئێمە مەترسی داعشیشمان لەسەرە، هیچ مافێکمان پێ نادرێت، بۆیە داوامان لە وەزارەتی نەوتە ئاوڕێکمان لێ بداتەوە."

فەرمانبەرێکی دیکەی ناڕازی باسی لەوە کرد "ئێمە گردبوویەنەتەوە و داوای مافی خۆمان دەکەین، ئەم کۆمپانیایە لە 2015 ەوە تاوەکوو ئێستا لە پاشەکشەدایە." ئاماژەی بەوەش دا "هەموو ڕۆژێک مەترسی لەسەر مووچەکانمان هەیە، پێمان دەڵێن مووچەکانتان کەم دەکەینەوە یاخود بڕۆنە کۆمپانیای دیکە کار بکەن، بۆیە داوا لە سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوت دەکەین، پارەی پترۆ دۆلارمان لەو نەوتەی دەفرۆشرێت، پێ بدەن، چونکە مەترسیی لەسەر ژیانمان هەیە."

فەرمانبەرێکی دیکە دەڵێت: "ئێمە وەکو کۆمپانیا سەر بەوەزارەتی نەوتی عێراقین، ئێمە داوا دەکەین پترۆ دۆلارمان لە نەوتی بەرهەمهێنراو پێ بدرێت، چونکە ڕووبەڕووی گشت ئاستەنگەکان بووینەتەوە، وەکو ئاستەنگە جیۆلۆجیی و ئەمنییەکان، هەروەها ئێمە لە هەموو کەش و بارودۆخێکدا ئامادەی کارکردن بووین، بۆیە داوا لە وەزارەت دەکەین هاوکارییمان بکات."