کۆرۆنا بەرازیل لە مەرگ و داڕمان نزیک دەکاتەوە

"حکومەت لە هەندێک پارێزگا و ناوچە توانای دابەشکردنی مووچەی نییە"

K24- هەولێر:

مردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەرازیل. 50 هەزار کەسی تێپەڕاند و داڕمانی ئابووریش نزیکە.

لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو، نزیکەی هەزار و 100 کەس لە بەرازیل بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەشی بەهۆی ڤایرۆسه‌كه‌ گیانیان لەدەستداوە، 50 هەزاری تێپەڕاند.

لە 26 شوباتی ئەمساڵ، بەرازیل یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمارکرد، بەڵام لەگەڵ زیادبوون و تەشەنەسەندن، ئێستا بەڕازیل دووەم وڵاتە لە دوای ئەمەریکا زۆرترین رێژەی مردن و حاڵەتی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، ئەمەش جیا لەوەی ئابوورییەکەیان نزیکە لە داڕمان.

بەرازیل یەکێک بوو لە وڵاتانەی دەرمانی کلۆرۆکوینی بەکارهێنا، بەڵام هیچ سوودێکی ئەوتۆی نەبوو، رێکارەکانی دیکەش شکستیان هێنا.

بەگوێرەی داتاکانی بانکی جیهانی، ئابووری بەرازیل لە ماوەیەکی کەمدا 8% دابەزین تۆمار دەکات.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، مایەپووچ بوون و لەدەستدانی کار گەیشتووەتەوە ئاستێکی بەرز. 

مارکۆس بارۆس لیسبوا، ئابووریناس و سەرۆکی سکوڵی بازرگانی ئینسپێر لە ساوپاولۆ دەڵێت، قەرزی گشتی هەر زیاد دەکات ، تەنانەت لە هەندێک پارێزگا و شارەوانی حکومەت نەیتوانیووە مووچە دابەش بکات.

دەشڵێت، ئەم جۆرە قەیرانی داراییە زۆر جیاوازە لەوانی پێشووتر چونکە لە ناو دڵی بازرگانی بەڕازیل، لەدەستدانی کار و بازرگانی لە زیادبووندایە.

Reuters

THE FINANCIAL TIMES