بەهۆی نەخۆشییەوە ژمارەیەک کارژۆڵە مردار بوون

لە شەقڵاوە بەهۆی نەخۆشییەوە ژمارەیەک کارژۆڵەی هاووڵاتییەک مرداربوونەتەوە.

یەکشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2025، لە سەرمەیدانی شەقڵاوەی هەولێر، بەهۆی نەخۆشییەوە، نزیکەی 40 سەر کارژۆلەی هاووڵاتییەک مرداربوونەوە.

دەشتی موراد، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت": ماوەیی سێ ڕۆژە ژمارەیەک کارژۆڵە (بەچکەی تازە زاوی بزن)، کە هی باوکمن، بەهۆی نەخۆشییەکی دەگمەنەوە مرداربوونە، سەرەتا چەند دانەیەکیان وای لێهات بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ یەکشەممە نزیکەی 40 سەریان مرداربوونە".

دەشتی موراد، باسی لەوەشکرد، چەندین پزیشکی ڤێتەرنەری، هاتوون بۆ زانینی هۆکاری ئەم جۆرە نەخۆشییە، وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەکەن جۆری نەخۆشییەکە (دەم کولییە).

هاوکات گوتیشی: ئەمە یەکەمین جارە، بەهۆی نەخۆشییەوە ئەو ژمارە زۆرە کارژۆڵەی ئێمە مرداردەبن، چونکە دەیان ساڵە مەڕدارین و شتی لەو شێوەیەمان نەدیوە.

بەختیار سەعید، پزیشکی ڤێتەرنەری بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەم جۆرە نەخۆشییانە بەردەوام لەنێو ئاژەڵاندا هەیە، بۆیە پێویستە لەگەڵ گۆڕین و سەرەتای هەر وەرزێکی نوێ، ڕشاندن بۆ شوێنی ئاژەڵەکان و کوتانی وەرزی بۆ مەڕوماڵات بکرێت.

ساڵانە بەهۆی نەخۆشییەکانی ئاژەڵانەوە، خاوەن ئاژەڵ و مەڕدارەکان زیانێکی زۆری دارایی دەکەن.