ئومێد خۆشناو: بۆ پاککردنەوەی ژینگەی هەولێر چاوپۆشی لە کەس ناکەین

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت: هێزەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی دەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە، چاوپۆشی لەکەس ناکەن.
یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ پاراستنی ژینگەی هەولێر، کۆبوونەوەیەک لە پارێزگای هەولێر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە قایمقامیەت و ناحیە و ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ، بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ئەنجامدرا، لە کۆبوونەوەکەدا دووپات لەوە کرایەوە، ئەوەی پێویست بێت بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەیکەین و ژینگەی هەولێر پاک دەکەینەوە.
ئومێد خۆشناو گوتی: دوو ساڵ بەر لە ئێستا باس لە بوونی نزیکەی 200 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکرا، ئەو پاڵاوگە نایاساییانە ئەمڕۆ نییە کە هەبوون و کاریان دەکرد، لە سەردەمێک سزادراون و هەندێکیان کاریان وەستاوە، پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر هەبوون، لەو پاڵاوگانەی پێیان دەگوترێت پاڵاوگەکانی بەشی دووەم، تەواو کاریگەرییان لەسەر پیسکردنی ژینگەی هەولێر هەبوو، هیچ یەک لەو پاڵاوگانە نەماون، پاڵاوگەش ماون بەپێی مەرجی ژینگەیی کار دەکەن.
پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە، هەموو ڕێکارەکان بەرامبەر ئەوانە دەگیرێتە بەر کە ژینگە پیس دەکەن، لە داخستن و دەستگیر کردن و پێبژاردن، ئاشکرای کرد، خەڵکێکی زۆر لەسەر پیسکردنی ژینگە دەستگیر کراون، دەڵێت: هەر شوێنێک ببێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و چاوپۆشی لە کەس ناکرێت.
ئومێد خۆشناو ئاشکرای کرد، ڕۆژانە لێپرسینەوە لەگەڵ موەلیدەکان دەکەن و بەدواداچوونی بەردەوامیشیان بۆ موەلیدەکان دەبێت، گوتی: موەلیدەکانیش دەبێت کێشەکانی خۆیان چارە بکەن لە دەنگ و پیسکردنی ژینگە بەر لەوەی دووچاری لێپرسینەوە بن، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد،هەڵمەتی هاتوچۆی هەولێر بۆ بەدواداچوون ئۆتۆمبێلەکانی هەولێر دەستپێدەکات.