پاڵەوانەكانی وەرزی رابردوو خەڵات كران

یانەی ئاكرێ بۆ یەكەمجار خەڵاتێكی تایبەتی پێبەخشرا

دكتۆر ئەحمەد كۆچەر لە كاتی پێدانی خەڵاتی بۆ تیپی فووتساڵی كچان
دكتۆر ئەحمەد كۆچەر لە كاتی پێدانی خەڵاتی بۆ تیپی فووتساڵی كچان

 

لەسەر فەرمانی مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵەوانەكانی وەرزی رابردووی خولەكانی تۆپی پێی كوردستان خەڵاتكران، ئاكرێ بۆ یەكەمجار وەكو پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان خەڵات كرا.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 12 جەنیوەری 2025، لە رێوڕەسمێكدا بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی هەرێمی كوردستان، خەڵاتەكانی حكوومەتی بەسەر پاڵەوانەكانی وەرزی رابردوو 2023 ـ 2024 دابەش كرد.
سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی وەرزش رایگەیاند بەڵێنیان لە حكوومەت وەرگرت لە داهاتوو كاری زیاتر بۆ پێشخستنی سەرجەم سێكتەرەكانی وەرزش دەكرێت و كار بۆ ئەوەش دەكرێت رێزلێنان بۆ سەرجەم پاڵەوانەكانی دیكە لە یارییە تاك و كۆمەڵەكان بكرێت.
لە رێورەسمەكەدا یانەی ئاكرێ پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی كوردستان خەڵاتی دارایی پێبەخشرا، یانەی پێشمەرگەی هەولێریش وەكو خاوەنی پلەی دووەم لەنێو خەڵاتكراوەكان دا بوو.
لە لایەكی دیكەشەوە یانەی هەندرێن وەكو پاڵەوانی جامی هەرێمی كوردستان خەڵات كرا، لە ئاستی خولی فووتساڵی كچانیش، یانەكانی دهۆك و زاخۆ وەكو خاوەنی پلەی یەكەم و دووەم خەڵات كران.
لە خولی لاوانیش، یانەی سیروانی نوێ وەكو پاڵەوان خەڵاتەكەی بەدەستهێنا، یانەی شێروانەش وەكو پلەی دووەم لەنێو ریزی خەڵاتكراوەكان دا بوو.