یەکێتیی ئەورووپا لە بارەی سووریا کۆ دەبێتەوە

لە کۆبوونەوەی لووتکەی وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی لە ڕیاز، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی سووریا، بڕیاری پشتگیریی دارایی سووریای نوێ درا، هەروەها لە کۆتای ئەم مانگەدا یەکێتیی ئەورووپا بۆ پرسی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا کۆ دەبێتەوە.
لەو بارەیەوە کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند "وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا، لە 27 ئەم مانگە، لە بارەی هەڵگرتن، یان سووککردنی سزاکانی سەر حکوومەتی نوێی سووریا لە برۆکسل کۆ دەبنەوە.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕاشیگەیاند "هەڵگرتانی سزاکان لە سەر سووریا پەیوەستە بەبەشداریی پێکهاتەکان و ئافرەت لە حکوومەتەکەیاندا، هەروەها نابێت بیروڕای ڕادیکاڵی لە خۆ بگرێت"
هەروەها کایا کالاس ئاماژەشی دا ''هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتەکانی سووریای نوێ دەکەین، ئەگەر بە ئاراستەیەکی دروست ڕۆیشت، ئەوە ئێمە پشتگیریی دەکەین، ئەگەر ئاراستەکەی دروست نەبوو ئەوە ئێمەش پێچەوانەکەی دەکەین."
هاوکات، یەکشەممە، 12ی کانوونی دووەمی 2025، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالینا بێربۆک، دوای کۆبوونەوەکەیان، ڕایگەیاند "وڵاتەکەی 50 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ خۆراک و پێداویستییەکانی کەرتی تەندروستیی سووریا دابین دەکات."
ئانالینا بێربۆک، لە کۆنفرانسی هەرێمیی دەربارەی سووریا، لە ڕیاز گوتی: "بەرلین پێشنیازی 'ڕێگەیەکی ژیرانە'ی کردووە بۆ هەڵگرتنی سزاکان تاوەکوو خەڵکی سووریا کەمێک هەست بە ئارامی بکەن."