سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی دەچێتە بەریتانیا

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە بەریتانیا، ئەمەش لە وەڵامی بانگهێشتێکی فەرمی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیایە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سوودانی لەسەردانەکەی بۆ بەریتانیا کۆمەلێک دیدار و کۆبوونەوە دەکات، دیارترینیان کۆبوونەوەیە لەگەڵ شا چارڵزی سێیەم و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کیر ستارمەر، جگە لەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکوومەتی بەریتانیا کۆدەبێتەوە، هەروەها لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکان و کەرتی بازرگانی ئەو وڵاتەش کۆدەبێتەوە.

سەردانەکەی سەرۆک وەزیران لە چوارچێوەی پتەوکردنی هاریکاریی نێوان عێراق و بەریتانیا دێت، هەروەها ڕێککەوتننامە و یاداشتی لێکگەیشتن لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و ئەمنیدا  لەنێوان هەردوولا ئیمزا دەکرێت.

دوێنێ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ئاشکرای کرد "سەردانەکەی سوودانی فەرمییە و لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا تاوتوێی گۆڕانەکانی ناوچەکە، پرسی گرووپە چەکدارەکان و پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات." 

ئــــــەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش داوە "لەندەن دەیەوێت، حکوومەتی فیدراڵ کۆنترۆڵی دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق بکات، بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا حکوومەت بتوانێت کۆتایی بە دیاردەی چەکداریی لە دەرەوەی سوپا و دامەزراوە فەرمییەکان بهێنێت."