وەزارەتی پەروەردە خزمەتگوزارییەکی نوێی دیجیتاڵی ڕاگەیاند

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزارییەکی دیکەی دیجیتاڵی پەروەردەی ڕاگەیاند و گوتی: بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی کەرتی حکوومەتی ئەو خزمەتگوزارییە بەردەست بێت.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەکاتی ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی 'ئی-هەڵسەنگاندن' گوتی: "ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزارییەکی دیجیتاڵی ڕادەگەیەنێت، کە بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی کەرتی حکوومەتی ئەو خزمەتگوزارییە بەردەست بێت".

گوتیشی: "بەهاوکاری هاوبەشەکانمان لە ڕێکخراوی یونسێف و کۆمپانیای سۆفت ماکس، ئەپلیکەیشنی 'ئی- هەڵسەنگاندن' بۆ ناوەندەکانی خوێندن بەردەست دەبێت."

ئالان حەمە سەعید، ئاماژەی بەوەش دا "لە سەرەتای وەرزی دووەم، ناوەندەکانی خوێندن دەتوانن ئەو ئەپلیکەیشنە بەکار بهێنن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان 396 قوتابخانەی حکوومەتیان دیاریی کردووە، تاوەکوو لە دەستپێکی وەرزی دووەم بەکاری بهێنن، جیا لەوەش هەموو قوتابخانەیەک چ حکوومەتی بێت یان ناحکوومەتی دەتوانێت ئەو ئەپلیکەیشنە بەکار بهێنێت."

وەزیری پەروەردە ڕاشیگەیاند "ئەو خزمەتگوزارییە ئەبێتە توندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان قوتابخانە و بەخێوکاریی قوتابی، گرنگیەکەشی لەوە دایە کە بەخێوکاری قوتابی لە ڕێگەی ئەو ئەپلیکەیشنەوە دەتوانێت ئاگاداری نمرەی منداڵەکانی بێت، هەروەها دەتوانێت ئاگەداری ئەو هەڵسەنگاندنانە بێت کە مامۆستا بۆ منداڵەکانی دەیکات. لەهەمان کاتیشدا، بەخێوکار دەتوانێت خشتەی هەفتانەی وانەکان و خشتەی تاقیکردنەوەکانی قوتابییەکە ببینێت."