کۆریای باکوور مووشەکێکی بەرەو دەریای ژاپۆن هەڵدا

سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆریای باکوور مووشەکێکی نەناسراوی بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن کە بە دەریای ڕۆژهەڵات ناسراوە، هەڵداوە.
سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور گوتی: "کۆریای باکوور مووشەکێکی نەناسراوی بەرەو دەریای ڕۆژهەڵات هەڵداوە."
هەڵدانی ئەم مووشەکە تەنها هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە پیۆنگ یانگ ڕایگەیاند، مووشەکێکی نوێی هایپەرسۆنیکی بە سەرکەوتوویی تاقی کردووەتەوە.
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لەو ڕۆژەدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە سەرکەوتوویی "مووشەکێکی 'بالیستی مەودا مامناوەندی هایپەرسۆنیک'ی تاقی کردووەتەوە کە توانای ڕێگریی هەموو مووشەکێکی دوژمنی هەیە لە ئۆقیانووسی هێمندا."
ئەوە یەکەم تاقیکردنەوەی مووشەکی کۆریای باکوور بوو لە دوای سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە مانگی نۆڤەمبەردا.
لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ و کیم سێ جار کۆبوونەوە بەڵام واشنتن نەیتوانی پێشکەوتنی بەرچاو لە هەوڵەکانی داماڵینی چەکی ئەتۆمیی کۆریای باکوور بەدەست بهێنێت.
لەدوای داڕمانی دووەمین لووتکەی نێوان کیم و ترەمپ لە هانۆی لە ساڵی 2019، کۆریای باکوور دەستبەرداری دیپلۆماسی بووە و هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی چەک چڕتر کردووەتەوە و پێشنیارەکانی ئەمەریکای بۆ دانوستان ڕەت کردووەتەوە.