کەلار.. سەوزە و میوەی خراپ دەرخواردی هاووڵاتیان دەدرێت

لە کەلار کۆمپانیایەک پەتاتە و خەیار و کوولەکەی هاوردە کردووە، کە لە بنەڕەتدا بەرهەمەکان بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون.
دوای ئەوەی دەیان تۆن پەتاتە و خەیارو کوولەکە کە ڕێژەی ماددەی نیتراتیان بەرز بووە و شیاوی خواردن نەبوونە، لەلایەن کۆمپانیایەکەوە لە کەلار بەنایاسایی هاوردە کراون و بە بەرهەمی خۆماڵی ساغی کردوونەتەوە، جیا لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان، فەرمانگەی داواکاری گشتیی گەرمیانیش سکاڵای دژی کۆمپانیاکە تۆمار کردووە.
هەمزە وەلی، فرۆشیاری عەلوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو سەوزە و میوانەی هاوردە دەکرێن لە مەرزی پەروێزخان ژووری پشکنین هەیە لەوێ پشکنینیان بۆ دەکرێت. گوتیشی: کە بارەکان دێتە عەلوە دووبارە پشکنینیان بۆ دەکرێت، بەڵام ئەو بارانەی هی جووتیارانی خۆمانە، لە عەلوە پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەگەر لە پشکنین دەرنەچێت بەرهەمەکان دەگەڕێنرێنەوە."
محەممەد هیدایەت، هاووڵاتی، دەڵێت: "کاتێک بەرهەمەکان دەکڕین و دەیبەنە ماڵەوە دوای یەک دوو ڕۆژ خراپ دەبن، هۆکەشی هەموو ئەو دەرمانە کیمیایانەی کە لەبەرهەمەکان بەکاری دەهێنرێن، ئێمەش ناچارین بیانکڕین."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان تۆن کوولەکە و پەتاتە و خەیاری هاوردە کراو، کە لە پشکنین دەرنەچوون و شیاوی خواردن نەبوون، لەلایەن کۆمپانیایەکەوە لە کەلار بە بەرهەمی خۆماڵی ساغ کراونەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان داوای کردووە لێپرسینەوە لە کۆمپانیاکە بکرێت.
ستارعەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان ڕایگەیاند "ئەو بەرهەمانەی کشتوکاڵین تەنیا پشکنینی فیزیاییان بۆ دەکرێت و پشکنینی کیمیاییان بۆ ناکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک لەوبارانەی ڕێژەی نیتراتیان زۆرە لەو پشکنینە دەربچن، بەڵام کە دێتە ناو عەلوەی کەلارەوە، کۆمپانیای سروشتیی زینانە، پشکنینی کیمیایی بۆ دەکات،"
ئاماژەی بەوەش کرد "بەداخەوە لە پشکنینەکە دەرکەوتووە ڕێژەیەکی زۆر نیترات لەو بەرهەمانەدا هەیە، کە ئەمەش بووەتە کێشە هەم بۆ هاووڵاتیان، هەم بۆ خاوەن بارەکان، چونکە کە لە مەرزەوە هاوردەی دەکەن، پێیان دەڵێن: بارەکانتان کێشەیان نییە"