کەمال محەممەد: نەوتی خورمەڵەمان لەدەست ناچێت

وەزیری سامانە سروشتییەکان (بەوەکالەت) تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەموو کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بە پێی دەستوور یەک چارەنووسیان دەبێت و لەدەستمان ناچێت.

سێشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2025، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان (بەوەکالەت)، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا گوتی: یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانی سوودانی بۆ بەریتانیا گرێبەستە لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، هەروەها کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستوور مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لەدەست نادات، ئەو کێڵگانەشی کە لە ناوچە کوردستانییەکانن ڕێککەوتنی لەسەر کراوە بە هاوبەشی هەرێم و عێراق بەڕێوەدەبرێت.

لەبارەی پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، کەمال محەممەد، گوتی: تەنیا سێ پاڵاوگەی یاسایی لە هەرێمی کوردستان هەن، هەروەها 158 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر، 50 لە دهۆک و 21ـیش لە سلێمانی هەن.

هاکات دەڵێت: تا جێبەجێکردنی ڕێنماییە ژینگەییەکان هەموو پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخرێن، هەروەها پێویستە سەرچاوی نەوتی خاوی پاڵاوگەکان دیار بێت.