ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: بەهۆی جەنگی ئێرانەوە وڵاتان پەنا بۆ وزەی نوێبووەوە دەبەن

راپۆرتێکی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) ئاشکرای دەکات، ململانێ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانیان لەسەر گەیاندنی نەوت و گازی سروشتی، بوونەتە هۆی ئەوەی چەندین وڵات لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی وزە، جێبەجێکردنی پلانەکانیان بۆ پشتبەستن بە سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە خێراتر بکەن.

هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، فاتیح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە، پرسی ئاسایشی وزە پاڵنەری سەرەکیی ئەم هەنگاوانەیە لە کاتێکدا وڵاتانی زیاتر هەوڵ دەدەن پشتبەستنیان بە سووتەمەنیی هاوردەکراو کەم بکەنەوە. ئاماژەی بەوەش داوە کە کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر دابینکردنی نەوت و گازی شلکراو (LNG)، گۆڕانکاریی درێژخایەن لە بڕیارە سیاسییەکان و بازاڕەکانی جیهانی وزەدا دروست دەکات.

بەگوێرەی شیکارییە ساڵانەکەی ئاژانسەکە، لە ماوەی نێوان ساڵانی 2026 تا 2031 توانای بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە بە نزیکەی 4 هەزار و 800 گێگاوات زیاد دەکات، کە ئەمەش بە رێژەی 57% زیاترە بەراورد بە شەش ساڵی پێشتر. هەروەها پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2031 سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە 43%ـی تەواوی کارەبای جیهان دابین بکەن، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو تەنیا یەک لەسەر سێی کارەبای جیهانیان پێکدەهێنا.

راپۆرتەکە دەریخستووە کە لە کاردانەوەی قەیرانی ناوچەکەدا، چەندین وڵات پێداچوونەوەیان بە ئامانجەکانیاندا کردووە؛ کۆریای باشوور هەوڵ دەدات پێش وادەی دیاریکراوی خۆی و پێش ساڵی 2030 توانای وزەی نوێبووەوە بگەیەنێتە 100 گێگاوات.

هاوکات میسڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی هاوردەکردنی گازەوە، ئامانجی دابینکردنی 45%ـی کارەباکەی لە رێگەی وزەی نوێبووەوە لە ساڵی 2035ـەوە پێشخستووە بۆ ساڵی 2028. هەروەها لە وڵاتانی ئەفریقا و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، لە سێ مانگی سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەکەوە، هاوردەکردنی کەرەستەکانی وزەی خۆریی لە چین بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە.

لە بەرامبەردا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە لە وڵاتانی ئەوروپا، سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا بەهۆی جەنگەکەوە، هێشتا گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتەکان یان خێراکردنێکی پێوانەیی لە دانانی وێستگە نوێیەکاندا بەدی ناکرێت، هاوکات لە خودی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ئاستەنگەکانی بەردەم زنجیرەی دابینکردن بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر دواکەوتنی هەندێک لە پڕۆژەکانی وزە.