سوید.. گەنجێک بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش و هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەک دادگایی دەکرێت

داواکاری گشتیی سوید رایگەیاند، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و داڕشتنی پلان بۆ هێرشێکی چەقۆ لە ناو قوتابخانەیەکی ئامادەییدا، رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.

هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەی داواکاری گشتیی سوید، ئەو گەنجە لە نێوان 1ـی ئادار تا 13ـی نیساندا پلانی دانابوو بۆ کوشتن یان بریندارکردنی خەڵک لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە شارۆچکەی هالمستاد لە باشووری سوید. تۆمەتبارەکە لە مانگی نیسانی رابردوودا دەستگیر کراوە، بەبێ ئەوەی ناسنامە، نەتەوە یان ئەوەی ئایا قوتابی بووە لەو قوتابخانەیە ئاشکرا بکرێت.

هێنریک ئۆلین، جێگری سەرۆکی داواکاری گشتی لە راگەیەندراوەکەدا جەختی کردەوە، دەتوانێت بیسەلمێنێت ئەنجامدەری هێرشەکە نییەتی راستەوخۆی تیرۆریستی هەبووە. ئاماژەی بەوەش کردووە گەنجەکە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی و هاندانی گشتی بۆ کردەوەی تیرۆریستی تۆمەتبار کراوە، و بڕیاریشە رۆژی 19ـی تشرینی دووەم دادگاییکردنەکەی دەست پێبکات و چوار رۆژ بخایەنێت.

لای خۆیەوە، دەزگای ئاسایشی سوید (ساپۆ) کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی لەسەر دۆسیەکە ئەنجامداوە، رایگەیاندووە تۆمەتبارەکە "لە رێگەی ئۆنلاینەوە بە بەردەوامی پڕوپاگەندەی توندوتیژیی ئیسلامیی بەکارهێناوە و بڵاوی کردووەتەوە.

ساپۆ روونیشی کردووەتەوە، ئەو گەنجە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەستنی بەیعەت بە داعش، و داوای لە کەسانی دیکەش کردووە پەیامەکانی ئەو رێکخراوە بڵاو بکەنەوە".

فرێدریک هاڵسترۆم، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکان لە دەزگای ساپۆ رایگەیاند، لە کاتێکدا توانای رێکخراوە تیرۆریستییە تەقلیدییەکان بۆ ئاراستەکردنی هێرش بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا کەمی کردووە، مەترسییەکان شێوازێکی دیکەیان وەرگرتووە و گوتی: ئێستا هەڕەشەی سەرەکی لەو کەسانەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە تەنیا و بە بەکارهێنانی کەرەستەی سادەی وەک چەکی تیژ (چەقۆ)، هێرش دەکەنە سەر ئەو ئامانجانەی بە ئاسانی دەستیان پێدەگات."

هاڵسترۆم هۆشداریشی دا لەوەی کە منداڵان و مێرمنداڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکاندا رووبەڕووی پڕوپاگەندەی توندوتیژ دەبنەوە، جەختیشی کردەوە ئەم دۆسیەیە نموونەیەکی روونی شێوازی هەڕەشەی تیرۆریستییە لەسەر سوید و ئاماژەیە بۆ ئەو واقیعەی کە بەتایبەت مێرمنداڵان و گەنجان مەترسیی هەڵخەڵەتاندن و راکێشرانیان بۆ ناو ئەو جۆرە کردەوانە لەسەرە.