ئەوقافی هەولێر ڕۆژی دانانی پرسەی کەم کردەوە

بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر ڕایگەیاند، لە مەودوا پرسە یەك ڕۆژە و جەخت لە ڕێنمایی ئەوقاف دەکەینەوە، نابێت هۆڵی پرسە بۆ دوو ڕۆژ بدرێتە هیچ خاوەن پرسەیەك.
چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2025، نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشتر ئەوقاف بڕیاریدا بوو کە پرسە بکرێتە یەک ڕۆژ، بەڵام هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون، بۆیە ئێمە لای خۆمانەوە جەخت لە ڕێنمایی نوێی ئەوقاف دەكەینەوە، كە پرسە یەك ڕۆژە و نابێت هۆڵی پرسە بۆ دوو ڕۆژ بدرێتە هیچ خاوەن پرسەیەك.
بەڕێوەبەری ئەوقاف دەڵێت: "دەبێت مامۆستای مزگەوت و فەرمانبەرانی مزگەوت و خاوەن پرسەش پابەندیی ڕێنوێنییەكانی ئەوقاف بن، ئێمە لای خۆمانەوە چاودێری هەموو ئەو هۆڵانە دەکەین کە پرسەیان تێدا بەڕێوە دەچێت، ئەگەر هاتوو هەر خاوەن هۆڵێک پابەند نەبێت، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە و خاوەن پرسەش لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
بەپێی بڕیارێك ڕۆژەكانی پرسە كەم كرایەوە بۆ یەك ڕۆژ هۆڵەکانی پرسەش نابێت لە یەک ڕۆژ زیاتر پرسەی تێدا بکرێت، بڕیاریش دەرچوو ئەو مزگەوتانەی هۆڵیان نییە، بەپێی پێویست بۆیان دروست بكرێت.