حكوومهتی عێراق بهڵێنهكانی بهرانبهر كورد و سوننه جێبهجێ نهكردووه
کورد و سوننە لەو بڕوایەدان کە حکوومەتەکانی عێراق نەیانتوانیوە بەڵێنەکانی کاتی پێکهێنانی حکوومەت جێبەجێ بکەن. چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت: دەبێ کورد و سوننە هەڵوێستی ڕوونیان دژی حکوومەتی عێراق هەبێت.
حکوومەتە یەک لە دواییەکانی عێراق تاوەکوو ئێستە نەیانتوانیوە کێشەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوورو ڕێککەوتنەکان جێ بەجێ بکەن؛ بەردەوام هەر سێ پێگە بنەڕەتییەکانی ڕێککەوتنەکانیان کە هاوسەنگی و هاوبەشی و بەشداریکردنن؛ پێشێل کردوون.
سەردار قادر ، پسپۆڕی دەستووری بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "حکوومەتی عێراق 55 ماددەی تایبەت بە کورد لە دەستووری عێراقدا پێشێل کردووە و ئامادە نییە وەکوو هەرێمێکی فیدراڵی، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات؛ بەڵکوو وەک پارێزگایەک مامەڵە دەکات."
تەنها کورد نا، بەڵکوو پێکهاتە و هێزە سوننییەکانیش کێشەی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا هەیە، بەڵام کێشەکانیان لەگەڵ کێشە هەڵپەسێرداوەکانی کورد جیاوازییان هەیە، بۆیە بەغدا ناتوانێت بەیەک پاکێچ سەیریان بکات.
غانم عەبد، چاودێری سیاسی بــــە کوردستان24ـی گوت: "هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کاتی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق؛ بەڵێنی زۆری بە کورد و سوننە دا، بەڵام تەنیا 10 مانگ لە تەمەنی کابینەکە ماوە و زۆرینەی بەڵێنەکان جێبەجێ نەکراون. تەنانەت حکوومەتەکانی داهاتووش هەمان شت دووبارە دەکەنەوە، بۆیە دەبێ ئەمە چارە بکرێت. ماڵی سوننی داوای لێبووردنی گشتی دەکەن، داوای گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن، ماڵی کوردی داوای گرەنتینەکردنی مووچە و کۆمەڵێک داواکاری دیکە دەکەن. دەبێ کورد و سووننە ئەمجارە بە ئامادەیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ماڵی شیعە ڕێککەون، ئەگینا ڕێککەوتنەکان جێبەجێ ناکرێن".