شۆفێرانی بارهەڵگر لە دارەمان گردبوونەوە

زیاتر لە 200 شۆفێری بارهەڵگر بەهۆی سەرانە وەرگرتن لە بازگەی دارەمان لە ڕێگەی هەولێر – کەرکووک گردبوونەوە و ناڕەزایی دەردەبڕن و داواکارن هەرچی زووە ئەو کێشەیەی بۆیان دروست دەکرێت چارە بکرێت.
چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2025، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە نێو گرد بوونەوەکە یەکێک لە شۆفێری بارهەڵگرەکانی دواند و پرسیاری هۆکاری ناڕەزایی دەربڕینەکەی لێکرد، شۆفێرەکە گوتی: لە بازگەی دارەمان، سۆنەر بۆ بارهەڵگرەکان ناکرێت و ڕێگەنادرێت تێپەڕین، هەر ڕۆژە و بیانووێکمان پێدەگرن.
شۆفێرێکی دیکە بۆ کوردستان24ـی گوتی: بۆ هەر بارهەڵگرێک نزیکەی دوو کاتژمێر ڕامان دەگرن، لە کاتێکدا بە 15 خوولەک دەتوانرێت، کارەکانمان ڕایی بکەن.
گوتیشی: بژێوی ژیانمان لەسەر ئەم کارەیە و داوامان ئەوەیە بەزوویی چارەیەکمان بۆ بکەن.
شۆفێرانی بارهەڵگرەکان ئەمە چەندەم جارە بۆ ئەو گرفت و کێشانەی لەلایەن بازگەکانی عێراق بۆیان دروست دەکرێت، گرد دەبنەوە و ناڕەزایی دەردەبڕن، بەڵام تاوەکوو ئێستا چارەیەکی ڕیشەیی بۆ کێشەکانیان نەکراوە.