سەرۆکی پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسی: ئۆتۆنۆمی پرسی کورد لە سووریا چارە دەکات

ڤیتالی نائومکین، سەرۆکی پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسی
ڤیتالی نائومکین، سەرۆکی پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسی

چارەکردنی پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان گەرمترین مژاری کاربەدەستانی باڵای ڕووسیا و پسپۆڕ و ڕۆژهەڵاتناسانە. سەرۆکی پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسیش دەڵێت: ئۆتۆنۆمی پرسی کورد لە سووریا چارە دەکات.  

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە میانی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی ساڵانەی خۆیدا لە باڵاخانەی وەزارەتەکە، کە خۆشەوی محەممەد، پەیامنێری کوردستان24 ئامادەی بوو، لە ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێر و 20 خولەکدا، دیدگە و سیاسەتی وڵاتەکەی لەبارەی زۆربەی پرسە گرنگەکانی جیهان خستە ڕوو.

 وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی پرسی کورد گوتی: "پشتیوانی ئەوەمان کردوە و دەیکەین کە مافی کورد بە تایبەت لە سووریا و عێراق و ئێران و تورکیا پارێزراو بن. دیمەشق و کوردەکانیش هیچیان خواستیان بۆ ڕێککەوتن و دانوستان نەبوو، چەند پلاتفۆرمی جیاجیا هەبوو بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی سووریا، لە مۆسکۆ و قاهیرە و ئەستانە و ئیستانبوڵ، دوای بێئاکامی ئەم هەوڵانە بۆشاییەک دروست بوو، ئەو تەقینەوەیەش دەرەنجامەکەی واقیعی ئێستەی وڵاتەکەی لێ کەوتەوە."

هیچ کات پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هێندەی ئێستە پشتگیری و ئاڵنگاری بۆ درووست نەبووە، بۆیە بەشێک لە زلهێزەکان، ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بە دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردەوە دەبەستنەوە. 

 ڤیتالی نائومکین، سەرۆکی پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ڕەوشەکە وادەخوازێت تورکیا و ئیسرائیل و ئەمەریکا و کورد و لایەنەکانی تری سووریا دەست بە دانوستان بکەن. من چارەسەری پرسی کورد لەوەدا دەبینم کە ئۆتۆنۆمییان بۆ دابین بکرێت، چونکە ئەمە وادەکات کوردەکان بتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن و وڵاتی سووریاش لە کەرتبوون و دابەش بوون بپارێزرێت."