لە بازگەی دارەمان پۆلیسی فیدراڵی هێرشی کردە سەر چەند خۆپیشاندەرێکی کورد

لە بازگەی دارەمانی کەرکووک، پۆلیسی فیدراڵی هێرشی کردە سەر چەند خۆپیشاندەرێکی کورد و برینداری کردن. خۆپیشاندەرێک دەڵێت: پۆلیسی فیدراڵی لێمان دەدات و ستەممان لێ دەکات، کەچی پارێزگار بێ دەنگە.
کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەوە، 15-01-2025، خۆپیشاندانی شۆفێرانی ژماەریەک بارهەڵگر لە نزیک بازگەی دارەمانی کەرکووک، لە دژی ڕێگرییەکانی بەرپرسانی بازگەکە دەستی پێ کرد و ڕێگەی سەرەکیی کەرکووک – هەولێریان داخست.
یەکێک لەو شۆفێرانەی بەشداریی خۆپیشانداکەی کردووە بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەفسەرێکی پۆلیسی فیدراڵی بە شێوەیەکی زۆر توند هێرشی کردە سەر دوو هاوڕێی شۆفێرمان و چەکی لێ ڕاکێشان، بەوهۆیەوە لەنێوان ئێمە و پۆلیس گرژی دروست بووە و چەند شۆفێرێک بریندار بوون و ژمارەیەکی دیکەشیان دەستگیر کراون."
شۆفێرێکی دیکە بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "پارێزگاری کەرکووک کوردە، ئێستە لە کوێیە؟ پۆلیسی فیدراڵی لێمان دەدات، دژایەتی و ستەممان لێ دەکات و چەکی بۆ ڕاکێشاوین، کەچی ئەو لە بەیانییەوە خۆی بێدەنگ کردووە و سەری لێ نەداوین. داوای لێ دەکەین بێت و کێشەکەمان بۆ چارە بکات."
ئەو شۆفێرە باسی لەوەش کرد "ڕۆژانە نزیکەی سێ چوار کاتژمێر لە بازگەی دارەمان بە بیانووی جیاواز ڕامان دەگرن، دواتر سووکایەتیمان پێ دەکەن و پێمان دەڵێن بڕۆنەوە. کەسابەتمان لەسەر ئەم ئیشەیە، داوا لە پارێزگارە کوردەکەی کەرکووک دەکەین چارەیەکمان بۆ بدۆزێتەوە."