ئەمەریکا دەستخۆشیی لە سەرۆک بارزانی دەکات بۆ ناردنی نوێنەری تایبەتیی خۆی بۆ سووریا

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد
سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد

چوارشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2025، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد.

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و سووریا ئاڵوگۆڕ کرا.

 وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەستخۆشیی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ناردنی نوێنەری تایبەتیی خۆی بۆ سووریا و دیدار لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی سووریا و جەختیشی لەوە کردەوە ئەمەریکا پشتگیریی هەموو هەوڵێک دەکات کە ببێتە هۆی لەیەکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان و هەروەها بەدیهاتنی سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە."

ئاماژە بەوەش کراوە "لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تاوتوێ کرا."

بارەگای بارزانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو "هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دانوساندنی نێوان لایەنەکان و خێرابوونی هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی کابینەی تازەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند."

هەڕەشەکانی دەرکەوتنەوەی تیرۆر و پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون.