سوید ژمارەی سەربازەکانی زیاد دەکات و ترسی لە بەرپابوونی شەڕ هەیە

سەربازانی سوید
سەربازانی سوید

بەهۆی مەترسییەکانی لە جەنگی ناوچەکە و بەرپابوونی شەڕ لەنێو خاکەکەیدا،  حکوومەتی سوید  بڕیاریداوە ژمارەی سەربازەکانی زیاد بکات.

ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24 لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید ڕایگەیاند: بەهۆی ئەوەی هەر لە سەرەتای جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە،  چەندین جار ڕووسیا هەڕەشەی لە سوید کردووە کە هێرش دەکاتە سەری، بەتایبەتیش دوای ئەوەی سوید بووە ئەندامی ناتۆ، هەڕەشەکانی ڕووسیا زیادیان کردووە، لەبەر ئەوە ئۆلف کریستیرشن، سەرۆک وەزیرانی سوید ڕایگەیاندووە: ژمارەی سەربازەکانی سوید کە ساڵانە 3 هەزار بوو، ئێستا بەرزیان کردووەتە بۆ 10 هەزار سەرباز لە ساڵێکدا، سەرۆک وەزیرانی سوێد هۆکاری زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، ئەندام بوون لە ناتۆ گرنگە و پێویستە بەشێوەیەکی باشتر و بەهێزتر بچنە ناو ناتۆوە، هەرچەند بڕیاری زیادکردنی سەربازەکانی سوێد دراوە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئۆلف کریستیشن، سەرۆک وەزیرانی سوید ڕایگەیاند: ژمارەی سەربازەکانی لە 10 هەزارەوە لە ساڵێکدا زیاد دەکات بۆ 30 هەزار سەرباز.

سەرۆک وەزیرانی سوید ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرش تەنها لەڕێگەی چەکەوە نییە،  ئێستا لە سەردەمێکداین سوید کەوتووەتە نێو شەڕێکی زۆر گەورەوە و جیهان ڕووبەڕووی شەڕێک دەبێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات، چەندین جار هێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر سوید، سویدیش بێبەش نابێت لەو هێرشانەی دەکرێتە سەر وڵاتان، دووپاتیش دەکاتەوە کە ئێران بەشێوەیەک کاریگەری لەسەر دۆخی ناوخۆی سوید هەبووە، بەتایبەتیش لەڕێگەی گرووپەکانی مافیاوە.

پێشتر سوید هۆشداری بە هاووڵاتییانی دا کە دەبێت خۆیان بۆ شەڕێک ئامادە بکەن و خواردن و خواردنەوە لە ژێر زەمینەکانیان دابنێن.

 
Fly Erbil Advertisment