بایدن هۆشداریی لە دروستبوونی حوکمڕانیی ئۆلیگارشی لە ئەمەریکا دەدات

جۆو بایدن، ئێوارەی چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2025 لە وتاری ماڵئاواییدا، کە پێش کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی پێشکەشی کرد، هۆشداریی لە دروستبوونی 'حوکمڕانیی ئۆلیگارشی'ی لە ئەمەریکا دا.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمەریکییەکان لە لافاوی هەواڵی چەواشەکاریدا دەخنکێن، کە ئەوەش هەڕەشە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەکات.
لە دوا وتاریدا، پێش ئەوەی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو کۆشکی سپی بەجێ بهێڵێت، جۆو بایدن ڕایگەیاند" ئەمەریکا بەرەو فەرمانڕەوایی لە لایەن دەستەیەک کەسانی لەڕادەبەدەر دەوڵەمەند، هەنگاو دەنێت."
بایدنی، تەمەن 82 ساڵ، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە دەسەڵات ڕادەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی کۆمارییەکان دەکات.
بایدن، هۆشداریدا لەو دەرئەنجامانەی کە ئەگەری خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی هەیە، سەرۆکی گوتیشی: "ئەمڕۆ ئۆلیگارشییەک، واتە دەسەڵاتێک کە پێک هاتووە لە کەسانی زۆر دەوڵەمەند، لە ئەمەریکادا دروست دەبێت، کە سامان و دەسەڵات و کاریگەرییە زۆرەکەی مەترسیی بۆ سەر دیموکراسی و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانمان دروست دەکات."
هەروەها هۆشداری دا لەوەی "ئەمەریکییەکان بە زانیاری هەڵە چەواشە دەکرێن کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات."
بایدن، لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا هۆشداری لە مەترسییەکانی بەردەم هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، دا.
گوتیشی: "هێزی زۆر هەن کە هەڕەشە لەو پێشکەوتنانە دەکەن کە لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا بەدەست هاتوون، ئەوەشی خستە ڕوو پێشتر هەرگیز ئەمەریکا ڕووبەڕووی ئەم جۆرە هەڕەشەیە نەبووەتەوە."
بایدن، هەروا ئاماژەی بە زۆربوونی کارەساتە سروشتییەکانی ئەم دواییانە کرد، وەک ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس و ئەو زریانە وێرانکەرەی ساڵی ڕابردوو لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور ڕووی دا.