لە پێنجوین ڤەیپ قەدەغەیە

لیژنە هاوبەشەکانی شارۆچکەی پێنجوین هەڵمەتێکی چڕیان بۆ نەهێشی کڕین و فرۆشتنی ڤەیب دەست پێ کردووە، ئامانجیان ئەوەیە هیچ کەسێک لەو شارۆچکەیە ڤەیب نەکێشێت.

پێنجشەممە، 16کانوونی دووەمی 2025، سەروەر کەریم، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی پێنجوین، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردووەوە، هەڵمەتی قەدەغەکردنی ڤەیبمان، دەست پێ کرد، لە ئێستا دا هیچ دوکان و مارکێتێک لەم شارۆچکەیە کڕین و فرۆشتنی ڤەیب ناکات."

باسی لەوەش کرد: "جیا لە لیژنەکان، کەمپەینێکی سەرتاسەری هەیە، لە مامۆستایان و کەسانی ئایینی و ڕۆشنبیران و تەواوی توێژە جیاوازەکان، بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکەکان، خۆشبەختانە، توانیومانە بە تەواوی کۆنترۆلی بکەین".

لە چەندین وڵاتی جیهاندا، کڕین و فرۆشتنی ڤەیپ قەدەغەکراوە و بەردەوام لە ڕێگای کەمپینەوە لاوان  لە زیانەکانی بەکارهێنانی ڤەیپ، هۆشیار دەکرێنەوە.