شارەوانییەکانی سۆران: تێچووی پڕۆژەکان لە ساڵی 2024، زیاتر لە 52 ملیار دینار بووە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند، لە ساڵی 2024، لە کۆی 22 شارەوانیی دەوروبەر 86 پڕۆژە بە گووژمەی زیاتر لە 52 ملیار و 613 ملیۆن و 695 هەزار دینار.جێ بەجێ کراون و ڕەزامەندیان بۆ وەرگیراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران دەڵێت: "ئەو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ڕەزامەندیان لەسەر دراوە 40 پڕۆژەن بە گوژمەی زیاتر لە 17 ملیار و 146 ملیۆن دینار."

دەشڵێت: "39 پڕۆژە لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ کراون یان لە قۆناغی جێبەجێکردندان بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار 136 ملیۆن دینار دینار."

ئاماژەی بەش دا "ئەو پڕۆژانەی کە  لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران جێبەجێکراون ژمارەیان شەش پڕۆژەیە بە گوژمەی 698 ملیۆن و 829 هەزار دینار."

ئەوەشی خستە ڕوو "ئەو پڕۆژانەی لە قۆناغی کۆتایدان لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆرانن، ژمارەیان پێنج پڕۆژەیە بە گوژمەی 500،190،500. ملیۆن دینار."

هەروەها "ئەو پڕۆژانەی کە لە قۆناغی جێبەجێکردندان لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، 11 پڕۆژەن بە گوژمەی زیاتر لە نۆ ملیار و 848 ملیۆن دینار ."

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی لە قۆناغی تەندەردان ژمارەیان 18 پرۆژەن بە گوژمەی زیاتر شەش ملیار دینار."

ئەو پرۆژەیەی لە ساڵی 2023، ڕەزامەندی دارایی  وەرگرتووە و لە ساڵی 2024 کۆتایی هاتووە گوژمەکەی زیاتر 90 ملیۆن دینار بووە.

خەسرۆ ئیسماعیل ڕاشیگەیاند، کۆی گشتیی گوژمەی تەرخانکراو بریتیە لە زیاتر 52 ملیار و 613 ملیۆن دینار بووە.