هێمن دەلۆ پەیامنێری کوردستان24 سکاڵای تۆمارکرد

پەیامنێری نووسینگەی کەرکووکی کوردستان24، هێمن دەلۆ لە دادگای پردێ سکاڵای لەسەر ئەو دوو کەسە تۆمارکرد، کە دوێنێ لە کاتی ڕووماڵکردنی کردبوونەوە  و ناڕەزایی دەربڕینی شۆفێرانی بارهەڵگرەکان، پەلاماریان دا.

لە بارەی تۆمارکردنی سکاڵاکە، هێمن دەلۆ بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025، لە شارۆچکەی پردی چوومە بەردەم ئەفسەری لێکۆڵینەوە و سکاڵام تۆمارکرد، پاشان چوومە دادگا و ئێستا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو تۆمەتبارە و شۆفێری ئەو تۆتۆمبێلەش دەرچووە، کە دوێنێ لە بازگەی دارەمان پەلاری منیان داوە و هەڕەشەیان لێکردووم.

گوتیشی: لە دوای ڕووداوەکە، مەروان عانی، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوەکردووم و دوای هەواڵپرسین، پێی ڕاگەیاندووم کە پشتیوانم دەبن و نابێت یاسا لە ئاست ئەم پێشێلکارییە و پەرلاماردانم بێدەنگ بێت، دەبێت تۆمەتباران بە سزای خۆیان بگەیەنرێن.

هەروەها کۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای ئیدانەی پەلاماردانی پەیامنێری کوردستان24، جەختی کردووەتەوە لەوەی پێویستە دامەزراوە ئەمنییەکان پارێزگاری لە ڕۆژنامەنووسان بکەن بۆ ئەوەی ڕووداوی دیکەی لەمشێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

دوێنێ چوارشەممە لە بازگەی دارەمان لە کاتی ڕووماڵکردنی گردبوونەوەی شۆفێرانی بار‌هەڵگر،هێمن دەلۆ لەلایەن شۆفێر و سەرنشینی ئۆتۆمبێلێک پەلاماردرا.