بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی: زۆرینەی ئەو دەرمانانەی بە ئۆنڵاین دەفرۆشرێن "ساختە و ماوەبەسەرچوون"

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، دەرمان و بەرهەمە پزیشکییەکان بە شێوەی ئۆنڵاین نەکڕن. ئاماژە بەوەش دەدات، زۆرینەی ئەو دەرمانانەی بەو شێوەیە دەفرۆشرێن "ساختە و ماوەبەسەرچوون."
شەممە، 18-01-2025، دکتۆر گوڤەند ڕەوەند، بەرپرسی بەشی چاودێریی و بەدواداچوونی دەرمان لــە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی فرۆشتنی دەرمان و بەرهەمە پزیکشییەکان بە شێوەی ئۆنڵاین، میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 10:00ـی کوردستان24 بوو کە لەلایەن سۆڤان فەرمانەوە پێشکەش کرا.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی داوای لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد، خۆیان بە دوور بگرن لە کڕینی دەرمان یان هەر جۆرە بەرهەمێکی پزیشکی، بە شێوەی ئۆنڵاین و بۆ تەنها ڕوو لە دەرمانخانەی مۆڵەتپێدراو بکەن.
دکتۆر گوڤەند بە کورتی، باسی لە جیاوازیی فرۆشتنی دەرمان و بەرهەمە پزیشکییەکان شێوەی فەرمی و بەشێوەی ئۆنڵاین کرد:
1. ئەو دەرمانە و بەرهەمە پزیشکییانەی بە شێوەی فەرمی دەفرۆشرێن:
- ناوی کۆگای دەرمان، دەرمانخانە و ئەو بازرگانەی دەرمانەکە دەفرۆشێت، لە لای وەزارەتی تەندروستی تۆمار کراوە و مۆڵەتیان پێ دراوە.
- نرخی فەرمی بۆ هەموو جۆرێکی دەرمان و بەرهەمی پزیشکی دانراوە و ستیکەری وەزارەتی تەندروستییان پێوەیە.
- هەر دەرمانخانەیەک پابەند نەبێت بە نرخی دیاریکراو بۆ دەرمان و بەرهەمە پزیشکییەکان، سزا دەدرێت.
2. ئەو دەرمانە و بەرهەمە پزیشکییانەی بە شێوەی ئۆنڵاین دەفرۆشرێن:
- زۆرینەی ئەو دەرمان و بەرهەمە پزیشکییانەی بە ئۆنڵاین دەفرۆشرێن، ساختەن و ماوەیان بەسەر چووە.
- ئەو کەسەی بە ئۆنڵاین دەرمان دەفرۆشێت، مۆڵەتی لە وەزارەتی تەندروستی وەرنەگرتووە و شارەزایی لە بواری دەرماندا نییە.
- کۆگا و شوێنی فرۆشتنی ئەو دەرمان و بەرهەمە پزیشکییانەی بە ئۆنڵاین دەفرۆشرێن، نادیارە و فرۆشیار تەنها بۆ گەرمکردنی گیرفانی، کارەکە دەکات.
- بەشێکی زۆری ئەو دەرمانانەی بە ئۆنڵاین دەفرۆشرێن، لە عێراق و ئێرانەوە بە شێوەی قاچاخ دەهێندرێن.
- زانیاریی ناڕاست لەسەر قوتووی ئەو دەرمانانە دەنووسرێت کە بە ئۆنڵاین دەفرۆشرێن.