کوردستان24 ناسنامەی ئەو چوار کەسە ئاشکرا دەکات، کە ئەمڕۆ لە گوندی کەژەک کوژران
K24 - گوندی کەژەک
لەئەنجامی شەڕی دوو بنەماڵە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی نێوانیان لەسەر زەویوزار، ئەمڕۆ چوار کەس لە گوندی کەژەک کوژران و پێنج تەقەکەریش دەستگیرکران.
شەماڵ دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە کوردستان 24ـی راگەیاند "دوای ئەوەی کاتژمێر 10:00ـی بەیانی لە بوونی شەڕێک لە گوندی کەژەک ئاگادارکراینەوە، دەستبەجێ پۆلیس و ئاسایش و تەنانەت لەسەر فەرمانی قایمقامی سۆران هێزی سەربازیش ناردرا بۆ شوێنی رووداوەکە، تاوەکو بەزووترین کات کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامی ئەو شەڕە سێ کەس گیانیان لەدەستدا".
کوردستان 24 زانیویەتی، دوای گیانلەدەستدانی ئەو سێ کەسە، یەکێکی دیکەش کە لە شەڕەکە بەسەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراوە لە هەولێر، ئەویش گیانی لەدەستداوە.
ئەو کەسانەی لە شەڕەکەدا کوژراون لە دوو برا و مام و برازایەک پیکدێن و ناویان: ئەحمەد باپیر، ساڵح باپیر، قائید سەبری و ئەنوەر عەبدوڵڵا-یە.
بەگوتەی شەماڵ دێواری، "ئێستا دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە و پێنج تۆمەتباری سەرەکی کە تەقەیان کردووە، دەستگیرکراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان".
هـ.ر.