شا عەبدوڵلا پشتیوانی گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی کوردستان دەکات

شا عەبدوڵلای شای ئوردن پشتیوانی گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی کوردستان دەکات لەسەرجەم بوارەکاندا، بۆ ئەمەش لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران ، مەسرور بارزانی خەجتیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردووەتەوە.

ڕۆژنامەی زە جۆردەن تایمزی ئوردن ڕاپۆرتێکی لەسەر دیداری سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی و شا عەبدوڵلا، شای ئوردن بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: لە کۆبوونەوکەدا باس لە پەیوەندییە مێژوویی و بەهێزەکانی هەرێمی کوردستان و ئوردن کراوە، هاوکات هەردوولا جەختیان لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عەممان و هەولێر کردووەتەوە.

ڕۆژنامەکە کە بە زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، نووسیوتی: دیدارەکەی شا عەبدوڵلا و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی بەسمان بەڕێوەچووە و باسیان لە چۆنێتی فراوانکردنی پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان کردووە.

لای خۆیەوە شای ئوردن پشتیوانی خۆی بۆ بەرەو پێشچوونی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم بوارەکاندا دووپاتکردووەتەوە.

هەروەها گفتوگۆ لە بارەی پێشهات و پەرەسەندنەکانی ئێستای ناوچەکە کراوە، بەتایبەتی دۆخی غەززە و سووریا، لەمبارەوە سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی ڕۆڵی شا عەبدوڵلای لە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدەستهێنانی ئاشتی بەرز نرخاندووە.