سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گەیشتە سویسرا

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، کە ئەمساڵ بە دروشمی (هاریکاریی لە پێناو سەردەمی زیرەکدا) لە ڕۆژانی 20 - 24 /1 بەڕێوەدەچێت.
لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکەدا، سەرۆکی حکوومەت، زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات و دەرفەتەکانی برەودان بە هاریکاریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات ، بەتایبەتی لەبوارەکانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێناندا.
هەروەها ئەمساڵ (ماڵی کوردستان Kurdistan House ) لە داڤۆس، کە ساڵی ڕابردوو لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت کرایەوە، چەندین چالاکی بە بەشداری ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و خاوەنکارانی کوردستان ڕێک دەخات بە ئامانجی ناساندنی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
بەشداریی سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلوماسی و پێشخستنی پرۆسەی وەبەرهێنان وگەشەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستاندا.