شاندێکی ئەنەکەسە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە

لۆگۆی  ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)
لۆگۆی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)

شاندێکی ئەنەکەسە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە. 

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 20-01-2025، شاندێکی ئەنجوومەنەکە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە. 

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، سەرۆک بارزانی و شاندی ئەنەکەسە؛ دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی ئەو وڵاتە و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا؛ تاوتوێ دەکەن. 

ئەمە دووەم کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و شاندی ئەنەکەسە دەبێت لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا. ڕۆژی چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2025، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کردبوو.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کرا.