نوێنەری حکوومەت لە یەکێتیی ئەورووپا: داوامان کردووە شاندێکی یەکێتیی ئەورووپا بێتە هەولێر

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا (وێنە: کوردستان24 - ئەرشیف)
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا (وێنە: کوردستان24 - ئەرشیف)

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بەشداریی سەرۆک وەزیران و شاندی یاوەری لە کۆڕبەندی داڤۆس بە "زۆر گرنگ" ناو دەبات و دەشڵێت: داوامان کردووە شاندێکی یەکێتیی ئەورووپا ئامادە بکرێت و بێتە هەولێر."

دووشەممە، 20ی کانوونی دووەمی 2025، دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا؛ لەبارەی بەشداریی سەرۆک وەزیران و شاندی حکوومەت لە کۆڕبەندی داڤۆس و پەیوەندییەکانی یەكێتیی ئەورووپا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و چەندان پرسی دیکە؛ میوانی گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 بوو.

لەبارەی کۆڕبەندی داڤۆس، ئاژگەیی ڕایگەیاند: "بەشداریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس بەو مانایە دێت، بەشداربووانانی کۆڕبەندەکە بە گرنگەوە دەڕواننە بیر و بۆچوونی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو هەڵومەرجە و پێشهاتانەی ئێستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویان داوە".

وەکوو ئەوەی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا باسی کرد، لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس دەرفەتی دیپلۆماسی دروست دەبێت بۆ باسکردن و خستنە ڕووی چارەی کێشە و ئاڵنگارییەکانی ئێستەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی.

ئاژگەیی جەختیشی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا هەیە و "لە ماوەی ڕابردوودا چەندان کۆبوونەمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەورووپا کردووە و داواشمان کردووە، شاندێک ئامادە بکەن بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن."

دلاوەر ئاژگەی لەبارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە، گوتی: "پێگەی هەرێم لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە بەهێزە، هیچ مەترسیەکی ئەمنی لەسەر نییە، بەڵکوو هۆیەکە بۆ لێک نزیکردنەوەی لایەنە نەیارەکان."

هەروەها گوتیشی: "هەرێـمی کوردستان لە ناوچەکە، سیاسەتێکی هاوسەنگ لەگەڵ ئەو لایانانەی کە نەیاری یەکترن، پەیڕەو دەکات. ئەم سیاسەتەش وای کردووە، پێگەی هەرێم بەهێزتر بکات و ڕۆڵیكی کاریگەری لە دانوستانەکاندا هەبێت. یەکێتیی ئەورووپاش بەهۆی ئەم سیاسەتەوە، پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست کردووە و چاوەڕێ ئەوە دەکات، بە ڕۆلی خۆی هەڵبستێت بۆ چارەکردنی کێشەکانی ناوچەکە."