بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا دەکات هێزێکی نێودەوڵەتی بەنداوی تشرین بپارێزێت

بەنداوی تشرین
بەنداوی تشرین

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا دەکات هێزێکی نێودەوڵەتی بەنداوی تشرین بپارێزێت و ئاماژە بەوە دەدات، ڕووخانی بەنداوەکە سەدان گوند لەنێو دەبات و زیان بە سەدان هەزار هاووڵاتی دەگەیەنێت. 

دووشەممە، 20-01-2025، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری لە بەردەوامیی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین دا و داوای ڕاگیرانی هێرشەکانی کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ڕووخانی بەنداوی تشرین کارەساتێکی گەورەیی مرۆیی لێ دەکەوێتە و زیان بە سەدان هەزار هاووڵاتیی دەبێت و سەدان گوند لەنێو دەبات. 

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای هاتنی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی بەنداوی تشرین لە بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا دەکات و ئاماژەی بەوە کردووە، بە چەندان شێواز هەوڵی پاراستنی بەنداوەکەیان داوە، بەڵام تورکیا هەموو شتێکی کردووەتە ئامانج و تەنانەت ئەو هاووڵاتییە سڤیلییانەی خۆپیشاندانیان کردبوو، بۆمباران کردووە کە بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراو و بریندار بوون. 

بەنداوی تشرین نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە مونبجەوە دوورە و لە 12ـی مانگی ڕابردووەوە شەڕ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لەو بەنداوە دەستی پێ کردووە و تاوەکوو ئێستە زیاتر لە 450 کەس لەو شەڕەدا کوژراون.