وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى زەمالەى خوێندنى ماستەر لە کۆریاى باشور ڕاگەیاند

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فەرمانبەرانی حکوومەت ئاگادار دەکاتەوە، ئاژانسى کۆیکا 15 کورسیی خوێندنی ماستەر لە چەند زانکۆیەکى کۆریاى باشوور  تەرخان کردووە. 

دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاندووە: هەر کەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی کۆریاى باشوور هەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە داواکارى پێشکەش بکەن.

 - پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.

- پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە. 

- ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن. 

- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).

- کاندیدی سەرکەوتوو تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن کۆریاى باشوور پشتگیری دارایی دەکرێت و بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەری زەمالەکە بکەن.

تێبینی:

1-پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ماڵپەری سەرەکی زانکۆکان کە لە پرۆگرامى زەمالەکەدا هاتووە دەبێت.

2-پێشکەشکار دەبێت فایلێک پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتىی نێردراوان بکات لە دیوانى وەزارەتەکەمان کە بریتییە لەم دۆکیومێنتانە: (لارینەبوونى شوێنى کارى خۆى، پوختەى ڕاژە، کۆپى پاسپۆرت، فۆرمى زەمالەکە کە پڕى کردووه‌ته‌وە.)

3-دوایین کات بۆ پێشکەشکردنى و هێنانى دۆکیومێنتەکان 25-1-2025 دەبێت.

4-کاندیدی سەرکەوتوو لە دوای بەدەستهێنانی زەمالەکە، دەبێت سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ بەڕێوەبەرایەتی نێردراوان بکات بۆ پرۆسێسکردنی مامەڵەی مۆڵەتی خوێندن.

5-هەرکەسێک ئەم مەرج و ڕێنماییانەی سەرەوەی تێدا نەبێت، مۆڵەتی خوێندنی پێ نادرێت.

6-تکایە بۆ هەر پرسیارێک یان زانیاری زیاتر سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە له‌و لینكه‌دا بکەن.