پارتی و یەکێتی بەرنامەی هاوبەش بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم ئامادە دەکەن

شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە. 

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 21-01-2025، هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر کۆببنەوە. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، کۆبوونەوەکە درێژکراوەی کۆبوونەوەکانی ڕابردووی تایبەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و چاوەڕێ دەکرێت ڕەشنووسی بەرنامەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئامادە بکرێت. 

ئەمە چوارەمین کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتییە لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی شەممە، 18-01-2025، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لــە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لێکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هاتووەتە ئاراوە؛ بەمزووانە هەواڵی خۆش لەمبارەیەوە دەبیستین."

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی 20-10-2024 کرا، پارتی 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەست هێنا.