مەسرور بارزانی بۆ سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین

ئەمڕۆ سێشەممە، 21-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە داڤۆس، لەگەڵ ئەلیکساندەر دیکروو، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کۆبووەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "لە دیدارەکەدا، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ئاماژەى بە گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا دەربڕی."

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی هاریکاری و پشتیوانی بەلجیکای بۆ هەرێمی کوردستان کرد.

 

 

ئەوەش خراوەتە ڕوو "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری."

گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سووریا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .