فراکسیۆنی پارتی: بە گوێرەی ڕێککەوتنی سیاسی دەبێت پەرلەمانتارانی شیعە دەنگ بە هەمواری بودجە بدەن

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دووپاتی دەکاتەوە، بە بڕیاری هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، دەبێت پەرلەمانتارانی شیعە دەنگ بە هەمواری یاسای بودجە بدەن. جەختیشی دەکاتەوە "ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، زیانی بە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستانیشی گەیاندووە."

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە گوێرەی بڕیاری هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، دەبێت هەموو پەرلەمانتارانی شیعە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان ئامادە ببن و دەنگ بە هەمواری یاسای بودجە و هەردوو بڕگەی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بدەن."

بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئەو پەرلەمانتارە شیعییانەی دوێنێ دووشەممە، 20-01-2025، ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان نەبوون بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە، تێبینییان لەسەر هەمواری یاساکە بە گشتی و بەتایبەت ماددەی 14ـی یاساکە هەبوو، بۆیە لەنێو لیژنەی داراییشدا دەنگیان پێ نەدا.

وەکوو ئەوەی ڤیان سەبری باسی کرد، زۆر جار سەرکردە سیاسییەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و تانەت سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، لەسەر بابەتێک ڕێک دەکەون و بە پێویستی دەزانن لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ نموونە هەمواری یاسای بودجە، بەڵام هەندێک ئەندامانی پەرلەمان کە خۆیان بە سەربەخۆ دەناسێنن، دژایەتیی ئەو بڕیار و ڕێککەوتنانە دەکەن، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە بودجەوە هەیە. 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دووپاتی کردەوە "ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان زیانی لە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستانیشی گەیاندووە. "

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوەتەی یاسای بودجە پەسەند کراوە، پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر یاساکە جێبەجێ کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق بووە کە بەردەوام بە بیانووی جیاواز، بەشە بودجەی تەواوی هەرێمی کوردستانی نەناردووە."

ئەمڕۆ سێشەممە، 21-01-2025، په‌رله‌مانی عێراق‌ کۆدەبێتەوە و چەند بڕگەیەک تاوتوێ دەکات. یه‌كه‌م بڕگه‌ بریتییه‌ له‌ ده‌نگدان، له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای بودجه‌ی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025، كه‌ له‌ دوو مادده‌ پێكهاتووه‌ و پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە. 

هەرچەندە دوێنێ دووشەممەش، 20-01-2025، بڕگەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا هەبوو، بەڵام ژمارەیەک پەرلەمانتارانی شیعە دەنگیان پێ نەدا و هۆڵی کۆبوونەوەیان بەجێ هێشت.