ئێران مەرجی دانیشتن لەگەڵ ئەمەریکا ئاشکرا دەکات

دوو مەرجی هەیە

K24- هەولێر:

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئێران ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکا دانیشێت، بەڵام دوو مەرجی هەیە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، رۆحانی لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا رایگەیاندووە، دەبێت واشنتن هەموو خاڵەکانی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە جێبەجێ بکات و داوای لێبوردن بکات و  قەرەبووشمان بکاتەوە.

لەبارەی ئەوەش کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاندبوو ئامادەیە بەبێ مەرج لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دابنیشێت، رۆحانی دەڵێت، ئەوە تەنها قسەیە و درۆیە.

لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی لە لایەن ئەمەریکاوە، نێوانی ئەمەریکا و ئێران هێندەی تر خراپبووە، بەڵام پێش ئەوە، دەنگۆی گفتوگۆی نێوان ئەمەریکا و ئێران هەبوو، تەنانەت ساڵی پار جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێشنیازی ئەوەی کردووە، ئێران رێگا بە پشکنەرانی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی پرۆگرامی ئەتۆمی بدات بەو مەرجەی ئەمەریکا سزاکان هەڵبگرێت.