داوای دەرکردنی پەکەکە لە شنگال دەکرێت
K24 – هەولێر
پارێزگاری پێشووی نەینەوا دەڵێ پەکەکە دەستی بەسەر شنگال و سنوونێ و خانەسۆر و قەحتانیەدا گرتووە و داوای دەرکردیان دەکات لەپێناو "گەڕانەوەی ئاوارەکان و وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە".
ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 24-6-2020) لەڕێگەی پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند "شنگال و هەردوو ناحیەی: سنونێ و خانەسۆر، هەروەها ناحیەی قەحتانیەی سەر بە قەزای بەعاج لەژێر کۆنترۆڵی باڵەکانی پەکەکدان".
نوجەیفی دەڵێ "ئەو ئیدارەیەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە فەرزی کردووە، هیچ پەیوەندیی بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە نییە... ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەبووی ناوچەکە بۆ سەر ماڵوحاڵیان".
پارێزگاری پێشووی نەینەوا داوا لە سوپای عێراق دەکات پەکەکە لە شنگال دەربکەن و دووبارە بە نەینەوا گرێی بدەنەوە. دەشڵێ "بەمشێوەیە هیچ بیانوویەک بۆ دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لە عێراق نامێنێتەوە".
ئەو گوتانە لەکاتێکدان دوێنێ (سێشەممە، 23-6-2020) هێزێکی پەکەکە دەستیان بەسەر بارەگایەکی پۆلیسی ناحیەی قەحتانیەدا گرت.
تورکیا زیاتر لە هەفتەیەکە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە لە سنووری هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەشەوە چەند گوندێکی سنووری ناوچەی حەفتەنین لە زاخۆ چۆڵ کراون و خەڵکەکەی ئاوارە بوون، ئەمە جگە لەوەی پێنج هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانیش بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە شەهید بوون.