سەرۆک بارزانی سەرەخۆشیی لە کەسوکاری قوربانییانی ئاگرەکەی تورکیا دەکات

سەرۆک بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی ئاگرەکەی تورکیا دەکات و دەڵێت: ئاگرەکەی هۆتێلێکی پارێزگای بۆلو زۆر دڵگرانی کردم و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم.
سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، زۆر بە داخەوە بۆ ڕووداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوەی هۆتێلێکی پارێزگای بۆلو لە تورکیا، کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی بوونە قوربانی.
سەرۆک بارزانی دەڵێت: "پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی کەسوکاری گیانلەدەستداوانی ئەو ڕووداوە دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەخوازم".
سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، هۆتێلێکی کۆمەڵگەی خلیسکێنەی سەربەفر لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا ئاگری گرت.
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، "بەهۆی ئاگرەکەوە تا ئێستا، 76 کەس گیانیان سپاردووە و دهیان کەسیش بریندار بوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانە."
لەوبارەوە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، گوتی: "لە شەودا ئاگرەکە لە خواردنگەی هۆتێلی کۆمەڵگەی کارتال کایا لە پارێزگای بۆلو کەوتووەتەوە."
عەبدولعەزیز ئایدن، پارێزگاری بۆلو بە ئاژانسەکانی ناوخۆی تورکیای گوت: "هۆتێلەکە 234 میوانی تێدابوو، کە دوویان بەهۆی خۆفڕێدانەوە لە باڵەخانەکەوە گیانیان سپاردووە."
The tragic fire at a hotel in Bolu, Turkey, which claimed numerous lives, is deeply saddening. I extend my heartfelt condolences to the families of the victims and wish the injured a swift and complete recovery.
— Masoud Barzani (@masoud_barzani) January 21, 2025